ئایا پێویستت بە موعجیزەیەکە؟

ئایا پێویستت بە موعجیزەیەکە؟

پوختە

خوداوەند مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە دابینکردنی موعجیزە بۆ گەلەکەی تەنها لە کاتێکدا کە زۆرترین پێویستیان پێی بوو. پەرتوکی پیرۆز چەندین چیڕۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە دەربارەی پێشبینییە جێبەجێکراوەکان، کە کەسەکان چاکبوونەوە و شیفایان وەرگرتووە وە ڕووداوە باوەڕپێنەکراوەکان کە تەنها دەکرێت لە وەڵامی نوێژەکانەوە بێنە دی. ئەم نامیلکەیە چەند هۆکارێک دەخاتە ڕوو کە بۆچی دەتوانین باوەڕمان بە کتێبی پیرۆز هەبێت وەک وشەی نەگۆڕی خودا، و چۆن دەتوانیت لە خودا نزیک بیتەوە بۆ موعجیزەیەکی خودی خۆت.

جۆر

Tract

بڵاوکەرەوە

Sharing Hope Publications

بەردەستە لە

43 زمانەکان

لاپەڕەکان

6

دابەزاندن

خێڵێکی زۆر گەورە لە ئەندامانی خێزانێک بە هیوای ژیانێکی باشتر بوون و بڕیاریان دا کۆچ بکەن بۆ وڵاتێکی نوێ. بەڵام هەرچەندە گەشتەکە ئاسان نەبوو؛ دەبوو بە پێ بیابانێکی گەورە ببڕن. پلەی گەرمی بەرز و مار و دووپشک لەسەر ڕێگاکە هەبوون. ئەگەر هەر ئەندامێکی نەخۆش یان لاوازی خێڵەکە لە کاروانەکە دواکەوتبا ئەوە لە لایەن چەتەکانەوە هێرشی دەکرایە سەر.

زۆری نەخایاند خواردنیان تەواو بوو، بەڵام ڕابەرەکەیان لە خودا پاڕایەوە بۆ ئەوەی موعجیزەیەکیان بۆ بکات. ڕۆژی دواتر کە خەڵکەکە لە خەو هەڵستان، پارچەی بچووکی شتێکیان دۆزیەوە کە لە نان دەچوو کە بە هەموو زەوییەکدا بڵاوبوو بوەوە. تامێکی خۆشی هەبوو، وەکو بسکیتی بە هەنگوین وابوو. وە بەس بوو بۆ ئەوەی هەمووان برسێتی خۆیان پێ تێر بکەن! چەندان ڕۆژی خایاند تا لە بیابانەکە دەرچوون و هەموو ڕۆژێک لە ئاسمانەوە نان دەباری. ستایش بۆ خودا، ڕزگاریان بوو!

ڕەنگە ئەم چیرۆکە سەرسوڕمێن دەربکەوێت، بەڵام بەڕاستی ڕوویداوە. ئەمە یەکێکە لەو هەموو موعجزانەی کە لە کتیبی پیرۆز گێڕدراونەتەوە، کە لەوانەیە پێیان ئاشنا بیت بە ناوەکانی تەورات و زەبور و ئینجیل. کتێبی پیرۆز سەدان چیرۆکی ڕاستەقینەی تێدایە، زۆربەیان لەسەر بنەمای ئەو موعجیزانەن کە خودا لە ژیانی خەڵکدا ئەنجامی داوە. کتێبێکی گرنگە بۆ سەردەمی ئێمە، کە زۆر کەس پێویستیان بە موعجیزە تایبەتەکانی خۆیانە.

موعجیزەکانی سەردەمی ئێستا

لەم ساڵانەی دواییدا، شەڕی ناوەخۆ، شۆڕش، داڕمانی ئابووری، بێکاری، نەخۆشیە درمیەکان و مردنمان بینیوە. من دڵنیا نیم لە ئێستادا دۆخی تۆ چۆنە. لەوانەیە لە ماڵەکەتەوە لە ڕەگەوە هەڵکەندرێیت. لەوانەیە تۆ ئازیزێکت هەبێت کە لە لێواری ژیان و مردندا بێت. لەوانەیە تۆ کێشەت هەبێت بۆ دۆزینەوەی کارێک.

دۆخەکەت هەرچییەک بێت، خودا گرنگیت پێدەدات و هەروەک چۆن لە کۆندا ئامادە بوو بیکات ئەوا ئەمڕۆش موعجیزەیەکت بۆ دەکات . کاتێک هەست بە دڵتەنگی دەکەیت، دەتوانیت لە ڕێگەی خوێندنەوەی کتێبی پێرۆز هاندان بدۆزیتەوە، کە کتێبی موعجیزەکانە.

وشەکانی خودا بۆ سەردەمی ئێمە

هەندێک کەس دوودڵن لە خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز چونکە بیستویانە کە بە جۆرێک گۆڕاوە. ڕەنگە ئەم تێڕوانینە هەڵەیە بەهۆی شێوازی ژیانی زۆر کەسەوە بێت کە بانگەشەی شوێنکەوتنی کتێبی پیرۆز دەکەن. هەندێک جار دەبینین مەسیحییەکان مەی دەخۆنەوە و قومار دەکەن و جل و بەرگی ناڕەوا لەبەر دەکەن و گۆشتی بەراز دەخۆن و مامەڵەی ناخۆش لەگەڵ خەڵک دەکەن.

بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئەم هەڵانە لە کتێبی پیرۆزدا ئیدانە کراون. کاتێک مەسیحییەکان بە بێ فەرمانی خودا دەژین، ئەمە ڕەوایەتی ووشەی هەمیشەیی خودا ناگۆڕێت. پێغەمبەر ئیشایا فەرموویەتی، ”گژوگیا ووشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێت، بەڵام پەیامی خودامان بۆ هەتا هەتایە چەسپاو دەبێت“ (ئیشایا٨:٤٠). پێت وایە مرۆڤەکان ئەوەندە بەهێزن کە بتوانن ووشەی خودا بگۆڕن، یان ئەگەری ئەوە زیاترە کە تەنها بە ڕەفتاری خراپ چەواشەی بکەن؟

ئینجیل باس لەوە دەکات کە کاتێک پێغەمبەر داود و گەلەکەی سندوقی پەیمانیان دەگواستەوە، کە سندوقێکی گەورەی زێڕین بوو کە دە فەرمانەکەی تێدابوو. دە فەرمانەکە یاسای خودا بوون بۆ ژیانی ڕەوشتی و لەسەر دوو لاپەڕەی گەورە نووسرابوون و لە ناو سندوقە زێڕینەکەدا دانرابوون. لە کاروانەکەدا پیاوێک بوێری ئەوەی کرد دەستی درێژ بکات و دەست لە سندوقەکە بدات و یەکسەر بە مردوویی کەوتە خوارەوە!

ئەگەر خودا ڕێگە نەدات دەستە خۆبەزلزانەکان دەست لەو سندوقە پیرۆزە بدەن کە ووشەی ئەوی تێدایە، چەند کەمتر ڕێگە بە پیاوە خراپەکان دەدات بە بڕین و قەڵەمێکی ڕاستکردنەوە لە وشە نووسراوەکەی نزیک ببنەوە؟ خودا بە قەدەر ئەوە گەورە و مەزنە کە بتوانێت پارێزگاری لە پەیامەکانی بکات.

بە شێوەیەکی بابەتیانە، کتێبی پیرۆز پشتڕاستکراوەترین کتێبە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. زۆری نەخایاند سێ شوانی بەدەوی لە فەلەستین بە ناوی محەمەد ئەدیب، جومعە محمد و خەلیل موسا، بە ڕێکەوت پەرتووکەکانی دەریای مردوویان دۆزیەوە. ئەمە دۆزینەوەیەکی گەورەی شوێنەواری بوو کە ڕێگەی پێداین کتێبی پیرۆزی ئەمڕۆ بەراورد بکەین لەگەڵ دەستنووسە کۆنەکانی کتێبی پیرۆز کە تەمەنیان نزیکەی٢٠٠٠ساڵە. لێکچوونەکە سەرسوڕهێنەرە، دیسانەوە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات کە وەحییەکانی خودا ناتوانرێت بگۆڕدرێن. ئەگەر پێویستت بە موعجیزەیەکە، ئەوا دەتوانیت دڵنیا بیت لەوەی کە کتێبی پیرۆز شوێنێکی باوەڕپێکراوە بۆ سەیرکردن! لێرەدا چیرۆکی سەرسوڕهێنەر دەدۆزیتەوە دەربارەی پێغەمبەرانی وەک نوح، ئیبراهیم، یوسف، یونس، دانیال، داود و سلێمان. لەوانەیە تۆ لە شوێنێکی تردا پارچە پارچەیان لەبارەیانەوە بیستبێت، بەڵام کتێبی پیرۆز هەموو چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە!

وەرە موعجیزەی خۆت بدۆزەرەوە

هەر تەنگوچەڵەمەیەک کە ڕەنگە تووشی بیت، کتێبی پیرۆز چیرۆکێکی موعجیزەیی هەیە تەنها بۆ تۆ:

  • ئایا تۆ یان کەسێکی ئازیزت نەخۆشن؟ دەربارەی چاکبوونەوەی موعجیزەیی نەعمان، سەرکردەی لەشکری سوری کە تووشی نەخۆشی گەڕی ببو، بخوێنەرەوە.

  • ئایا تۆ تێدەکۆشێت بۆ خواردن پەیداکردن بۆ خێزانەکەت؟ باسی بێوەژنە لوبنانییەکە و کوڕەکەی بخوێنەرەوە، کە لە برسێتییەکی درێژخایەندا لەسەر یەک پەرداخێکی بچووکی ڕۆن و مشتێک ئارد کە هەرگیز تەواو نەبووە، ڕزگاریان بووە لە قات و قوڕی.

  • ئایا ژیانت لە مەترسیدایە؟ لەبارەی عبێد مەلەخەوە بخوێنەرەوە، کە کۆیلەیەکی ئەسیوپییە لە کۆشکی پاشا، کە لە کاتی جەنگدا ژیانی ڕزگاری بوو بەهۆی باوەڕەکەی بە خودا.

  • ئایا وا هەست دەکەیت کە تۆ فەرامۆش کراوی؟ دەربارەی هاجەری میسری بخوێنەوە، کە موعجیزەکانی خودای بینی کاتێک لە لایەن کەسانی ترەوە ڕەت کرایەوە.

  • ئایا لە ژێر ناڕەحەتیەکانی ژیاندا نوقم دەبیت؟ باسی ئەوە بخوێنەرەوە کە عیسا مەسیح دەستی درێژ کرد و زریانێکی بەهێزی هێورکردەوە بۆ ئەوەی قوتابیەکانی لە کەشتی نوقمبوون ڕزگار بکات.

وەڵامە موعجیزەئامێزەکان

لەگەڵ خوێندنەوەی کتێبی پیرۆزدا، پڕ دەبین لە متمانە بۆ ئەوەی بە چاوەڕوانییەکی ئەرێنی نزا بکەین. عیسای مەسیح فەرموویەتی، ”جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەری دەگرن“ (مەتا ٢١: ٢٢). کاتێک چیرۆکی ئەوانی تر دەخوێنینەوە کە موعجیزەیان لە پەروەردگار وەرگرتووە، دڵمان ئیلهام بەخش دەبێت بە هیوا بۆ ئەوەی داواکارییەکانمان بەرەو ئاسمان پەستانی بخەینە سەر.

ئایا پێویستت بە موعجیزەیەک هەیە؟ لە ڕێگای موعجیزەکانی کتێبی پیرۆز ئیلهام وەرگرەو داوا لە خوا بکە دانەیەکیش بە تۆ ببەخشێت. بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆ گوێی لە نزاکەت دەبێت!

ئەگەر دەتەوێت زیاتر دەربارەی موعجیزە لە کتێبی پیرۆزدا فێربیت، ئەوا تکایە پەیوەندیمان پێوە بکە لەسەر زانیارییەکانی پشتەوەی ئەم لاپەڕەیە.

.Copyright © 2023 by Sharing Hope Publicationsکارەکان دەکرێن چاپ و هاوبەشی پێ بکرێت بۆ مەبەستی نابازرگانی بەبێ مۆڵەت. ئایەتەکان لە کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندارد™ وەرگیراوە.‎ مافی چاپکردن پارێزراوە©٢٠٢٠،٢٠١٦، ٢٠١١،١٩٩٨ .Biblica Inc بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکار هاتووە. هەموو مافەکانی پارێزراوە.

خۆت تۆمار بکە بۆ هەواڵنامەکانمان

یەکەم کەس بە بۆ ئەوەی بزانێت کەی بڵاوکراوەی نوێ بەردەست دەبێت!

newsletter-cover